لایەلایەی نیشتیمان
مامۆستا قانع- عابد سراجەدینی
حەسەن یوسف زەمانی
مورتەزا حەنانە
ئۆرکسترای گەورەی تاران
1963

فایلی دەنگ

مەقام:
ئەی لایە لایە، ڕۆڵە لایلایە
خۆزگە لای لایەی، گشت کەس وابوایە
ڕۆڵەی خۆشەویست، جگەر گۆشەکەم
مەرهەمی دڵەی، بە پەرۆشەکەم
تۆ ئاو و ئامان بی، بۆ گەل و هۆزت
قەت قسوور نەکەی، بۆ بەرزی کۆزت
بەستە:
لایلای نەمامی ژیانم، من وێنەی باخەوانم
بە دڵ چاودێریت ئەکەم، بە فرمێسکی چاوانم
تا لە خەزانی ژینم، ئەڕزێ گەڵای ئەوینم
لە سێبەری باڵاکەت، شادبێ دڵی غەمگینم
هەوڵدە بێ سێبەر نەبی، وەک داری بێ بەر نەبی
بۆ هاوماڵ و هاوخوێنت، بێ پایە و سەمەر نەبی
لایلایت بۆ ناکەم، تاکو بە ناز خەو بتباتەوە
یاخود پەژارە و خەفەت، ژینت لە بیرباتەوە
ئەمە لایلای ژیانە، دەنگ دایکی نیشتمانە
لە تاریکە شەوی ژین، ئەستێرەی ڕێگامانە
پێت ئەڵێم کە وریابی، خوێندەوار و زانابی
لە بۆ گەل و وڵاتت، تێگەیشتوو و ئاگابی