لە باغان ئاهـ و ناڵین دێ
هۆنراوە
وەفایی
تێکست
لە باغان ئاهـ و ناڵین دێ، دەڵێن شای نێو گوڵان ڕۆیی
لە مەیخانان سەدای شین دێ کە وا پیری موغان ڕۆیی
دەڵێی دەوری قەمەر، سەیری فەلەک، میزانی گۆڕاوە
کە وا گوڵ زەرد بوو، سونبول تێک چوو، ڕەنگی ئەرغەوان ڕۆیی
لەبەر چاوی جیهانبینم جیهان تاریک بوو نەمزانی
نە نووری چاوەکانم چوو، نە خورشیدی جیهان ڕۆیی
سەحەر مەستانە هات بولبول بە شادی بۆ تەوافی گوڵ
کە دی باغ بێگوڵە، داغ بوو، بە سەد ئاهـ و فوغان ڕۆیی
بە ناڵەی دڵ شیفام نایێ درێغ بۆ مەرهەمی جەرگم
لە زەنگی کارەوان چ بکەم؟ دەلیلی کارەوان ڕۆیی
بە ناڵەی بولبول و قومری وەفایی بۆیە هەر دەگریم
گوڵێکی سەرو باڵام بوو بە تاراجی خەزان ڕۆیی